"کەرتی تەندروستی نهخۆشه"؛ لهبارهى لاوازكردنى كهرتى گشتى و جیاکاریی و پشێویی بازاڕی دەرمان
٢٨ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ١٢:٣٥ پاش نیوەڕۆ

پهنجهره
ڕهنگه وردترین وهسفێك بۆ حاڵی كهرتى تهندروستى و بهتایبهتى كهرتى تهندروستى گشتى له ههرێمدا بكرێت، ئهوهیه كه پێیبوترێت "نهخۆش"، چونكه له چهندین لا و ئاستدا، كێشهى گهورهى ههن، ئهمهش وایكردووه هاوڵاتى بهو قهناعهته بگات كه حكومهت به ئهنقهست كهرتهكه وێران دهكات.
دەرمان و چوار سەرچاوەی جیاواز
بەپێی بەدواداچوونەکانی پەنجەرە، دەرمان و چارەسەری پزیشکی لە سێ سەرچاوەی جیاوازەوە دەگاتە ناوەندە پزیشکییەکانی هەرێم، سەرچاوەی یەکەم دەرمان لەو بودجەیە دەکڕدرێت کە حکومەتی هەرێم بۆ ئەم مەبەستە تەرخانیکردووە.
سەرچاوەی دووەمی دەرمان و چارەسەری پزیشکی حکومەتی عێراق، لە ڕێگەی وەزارەتی تەندروستی عێراقەوە مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکان دەکرێت و دەرمانیان بۆ ڕەوانە دەکرێت.
سەرچاوەی سێیەم ڕێکخراوە جیهانییەکانه، ههرچی سەرچاوەی چوارەمیشه، ڕێکخراوە ناوخۆییەکان و خێرخوازانە.
حزبایهتى؛ خۆرهى ئهم كهرتهش
سەرچاوەیەکی پزیشکی کە لە وەزارەتی تەندروستییدا بهرپرسیارێتى هەبووە، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئەو بودجەیەی حکومەتی هەرێم بۆ کڕینی دەرمان تەرخانیکردووە، گرفتدارە؛ چونكه جاری وا هەیە سێ ملیار دینارت بە ژمارە بۆ تەرخان دەکەن، بەڵام کاتێک دەچیتە بانک گرفتی نەختینە هەیەو تەنها 500 ملیۆن دینارت پێدەدەن.
سەرچاوەکە كه نهیویست ئاماژه به ناوى بكرێت، دەڵێت: لەو بودجەیەی بۆ دەرمان تەرخان دەکرێت جیاکاری دەکرێت، وەزیر لە هەر حزبێک بێت پارەی زیاتر بۆ ئەو زۆنە تەرخان دەکرێت.
بەپێی وتەی سەرچاوەکە، ئەو پشکە دەرمانەی لە بەغداوە ڕەوانەی هەرێم دەکرێت، هەولێر و سلێمانی دەسەڵاتیان بەسەریدا نییە، وەزارەتی تەندروستی عێراق راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگا دەکات و پشکەکەی ڕەوانە دەکات.
سەرچاوەکە دەڵێت: ئەو دەرمانانەی ڕێکخراوەکان دەیهێنن دەڕواتە هەولێر، جاروبار بەشی ناوچەکانی لێدەدرێت و جاروباریش نادرێت.
پشتكردنه كهرتى گشتى و ڕووكردنه كهرتى تایبهت
لەکاتێکدا زۆربەی نەخۆشخانە حکومییەکان گیرۆدەی دەست کەمی دەرمان و چارەسەری پزیشکین، بەڵام ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژمارەی نەخۆشخانە تایبەت و ئەهلییەکان ڕوو لە زیادبوون دەکات.
کەرتی تەندروستی لە ئەوەلیاتی حکومەتی هەرێمدا نییە
نەخۆشخانە ئەهلی و تایبەتەکان کە سەرمایەدار و بەرپرس و حزبیان لە پشتەوەیە کواڵێتیدارترو پڕ لە خزمەتگوزاریترن، بەراورد بە نەخۆشخانە حکومییەکان کە پشتگوێخستنیان نیگەرانی گەورەی لەسەر ئاستی شەقام لێکەوتووەتەوە.
سەرچاوەیەکەی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت: کەرتی تەندروستی لە ئەوەلیاتی حکومەتی هەرێمدا نییە لەڕووی بایەخ پێدانەوە، چونکە ئەم کەرتە داهاتی بۆ حکومەت نییە، بهڵكو بهپێچهوانهوه باره و پارەی تێدا خەرج دەکات.
جیاكاریی و دوو زۆنی
بهوتهى سهرچاوهكهى وهزارهتى تهندروستى، جیاكاریی دهكرێت لهنێوان ناوچهكاندا.
سهرچاوهكه، وتی: کەس ناتوانێت نکۆڵی لەوە بکات کە لەڕووی بایەخ پێدانەوە جیاکاری لە نێوان هەولێر و سلێمانیدا دەکرێت. ئەمەشمان بەڕوونی بە نهتهوه یهكگرتووهكان وتووه، کە هەندێک لە دەرمانەکانیان ناگەنە سلێمانی.
ئهو، نەخۆشخانەی هیوای بۆ چارەسەری توشبوانی شێرپەنجە بەنموونە هێنایەوە و ئاماژەی بەوەکرد، ئەم نەخۆشخانەیە یەکێکە لە نەخۆشخانە گرنگەکان لەسەر ئاستی عێراق، بەڵام ئێستا بەمەبەست دووچاری گرفتی گەورە کراوەتەوە.
دەشڵێت: پێشتر پزیشکەکان دەرماڵەکانیان بەڕێکوپێکی پێدەدرا، بۆیە بەردەوام لە نەخۆشخانەی هیوا دەوامیان دەکرد، بەڵام ئێستا دەرماڵەکانیان دوادەخرێت و گرنگی پێویستیان پێنادرێت، بۆیە ناچارن نەخۆشخانەکە بەجێبهێڵن و لە عیادە نەخۆش ببینن.
عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: دەبێت دەرمان بۆ هەر ناوچەیەک لە داهاتی خودی ناوچەکە بکڕدرێت، گرفتەکە ئەوەیە بۆ دەرمان و چارەسەری پزیشکی 27 ملیار دینار بۆ سلێمانی تەرخانکراوە، بەڵام تا ئێستا تەنها 7 ملیاری بۆ خەرجکراوە.
دەشڵێت: دامەزراوەی کواڵێتی کۆنترۆڵ بەتەواوەتی لەژێر کۆنترۆڵی پارتیدایە، بەردەوام گرفت بۆ کۆمپانیاکان و دامەزراوەکان دروست دەکات، جگە لەو کۆمپانیایانەی خۆیان دەیانەوێت.
جەختیشیکردەوە: بزنسی دەرمان لە هەرێم قۆرخکراوە بۆ چەند کۆمپانیایەک، ئێستا جگە لە کۆمپانیای (گڵۆبین فارما)، نەخۆشخانەی هیوا بۆی نییە دەرمان لە هیچ کۆمپانیایەکی تر بکڕێت و ئەمە بڕیاری وەزارەتی تەندروستییە.
بەپێی وتەی ئەو پەرلەمانتارە، نرخی دەرمان چەندین هێندە گران کراوە، تەنانەت لەزگەی سەر دەرمان بەراورد بە جاران، نرخەکەی دە هێندە زیادکراوە.
دەرمانی ئیکسپایەر؛ دیارییهك له بهغداوه بۆ ههرێم
بەپێی بەدواداچوونەکانی پەنجەرە، بەشێکی زۆر لەو دەرمان و چارەسەرە پزیشکییانەی ڕەوانەی پارێزگاکانی هەرێم دەکرێت وادەی ئیکسپایەربوونیان نزیکە، بۆیە زۆرجار بەشی زۆری ئەو دەرمانانە دەمێنێتەوەو لەناو دەبرێن.
ئەو دەرمانانەی ساختەن و هاوردەی هەرێم دەکرێن، حزب و بەرپرسی باڵایان لە پشتەوەیە
هۆکاری ئیکسپایەربوونی ئەو دەرمان و چارەسەرە پزیشکیانەی بۆ هەرێم ڕەوانە دەکرێت لەلایەن بەغداوە بۆ ئەوە دەگێڕدرێتەوە، وەزارەتی تەندروستی عێراق دەرمان بۆ هەموو عێراق دابین دەکات و گرێبەستەکانیان گەندەڵی تێدایە و لەسەر بنەمای واسیتە ئەنجام دەدرێن.
ئەو سەرچاوەیەی کە لە وەزارەتی تەندروستی پۆستی هەبووە و قسەی بۆ پەنجەرە کرد، ڕوونیکردەوە: زۆرجار بەشی سێ ساڵ (ئەنسۆلین) لەلایەن بەغداوە ڕەوانەی پارێزگاکانی هەرێم کراوە، لەکاتێکدا ئەنسۆلینەکان ماوەی ئیکسپایەربوونیان ساڵێکی مابوو.
سەرچاوەکە دەڵێت: ئێمە دەرمانەکانمان لە بەغدا وەردەگرت، چونکە راستە ئەو دەرمانانە لە بودجەی وڵات کڕدراون و پشکی هەرێمیشی تێدایە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتییەکانی هەرێم پارەیان تێدا خەرج نەکردبوو.
دەرمانی ساختە؛ كاتێك قاچاخچێتى به نهخۆشیی خهڵكییهوه دهكرێت
بەپێی وتەی سەرچاوەکەی وەزارەتی تەندروستی، زۆربەی ئەو دەرمانانەی ساختەن و هاوردەی هەرێم دەکرێن، حزب و بەرپرسی باڵایان لە پشتەوەیە، دەرمانەکان بە بێ گومرگ و تێپەڕین بە کوالێتی کونترۆڵ هاوردە دەکرێن.
سەرچاوەکە دەڵێت: وەکچۆن دۆشاوی تەماتە و خۆراکی لەقوتونراو بە کۆنتێنەرو بێ گومرگ هاوردە دەکرێن، دەرمانی ساختەش بەهەمانشێوە دەهێنرێتە هەرێمی کوردستان.
ڕوونیشیکردەوە، کۆنتێنەری دەرمانی ساختە ڕەنگە بە 6 هەزار دۆلار بکڕدرێت لە دەرەوەی هەرێم، بەڵام ئەو کۆنتێنەرە دەرمانە 8 دەفتەر دۆلاری پێدەگیرێتەوە لە هەرێم.
سەرچاوەکە وتیشی: گرفتەکە ئەوەیە دەرمانی تەقلید و ساختە لە ڕەفەی دەرمانخانەکان لەگەڵ دەرمانی باش و کواڵێتیدار دادەنرێن، خەڵکیش جیاکاری لە نێوان دەرمانی ساختە و کواڵێتیداردا ناکات.
عەلی حەمە ساڵح، دەڵێت:دەرمانی ساختە لە خاڵە سنورییەکانەوەو بە خەتی تەنسیقدا هاوردەی هەرێم دەکرێت.
وهزارهتى تهندروستى بێدهنگه
پهنجهره بۆ وهرگرتنى قسهى ئهوان لهبارهى ئهم ڕاپۆرتهوه، پهیوهندیی به وتهبێژی وهزارهتى تهندروستى ههرێمهوه كرد و ههندێك پرسیاری ئاراسته كرد، بهڵام دواى چاوهڕێكردن بۆ ماوهى دوو ههفته، وهڵامى هیچ كام له پرسیارهكانى نهدایهوه.