بزووتنەوەی گۆڕان؛ لەشەڕی فیکرەوە بۆ شەڕی موڵک و پارە
٢٨ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٦:٤٢ پاش نیوەڕۆ

پهنجهره
خەریکە ئەو وادەیە کۆتایی دێت کە کۆمیسیۆن بۆ هەردوو ئاراستەکەی گۆڕان دایناوە بۆ ئەنجامدانی کۆنفرانسی هاوبەش، بەڵام هەوڵەکان بۆ لەیەکترنزیککردنەوەیان شکستی هێناوە و لەسەر چەندین پرسی جیاواز ناکۆکن، پێدراوهكانیش ئاماژه بهوه دهكهن بهشێكى كێشهكان پهیوهسته به سامان و موڵكى بزوتنهوهكهوه.
گۆڕان و دوا وادە
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، 6 مانگ دەرفەتی بە هەردوو ئاراستەکەی گۆڕان داوە بۆ ئەوەی ڕێکبکەون و کۆنفرانسی هاوبەش ببەستن، بەڵام تا ئێستا ئەو دوو ئاراستەیە ڕێکنەکەوتوون.
لە ڕۆژی 24ـى 12ـى ئەمساڵ، ئەو وادەیە کۆتایی دێت کە کۆمیسیۆن بۆ دوو ئاراستەکەی گۆڕان دایناوە تا کۆنفرانس ببەستن، بەڵام سەرجەم هەوڵەکان بۆ لەیەک نزیککردنەوەیان شکستیان هێناوە.
ڕۆڤان سەروەت، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان- ئاراستەی کوردسات، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئەو 6 مانگەی کۆمیسیۆن دیاریکردووە، بۆ گۆڕان دایناوە نەک ئاراستە، ڕەوایەتی و زۆرینەش لە مەکۆی سەرەکییە لە کوردسات.
لایخۆیەوە، ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان- ئاراستهى گردی زەرگەتە، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: تا ئێستاش هەوڵەکان بەردەوامن، بەڵام ئێمە هیچ تەنازولێک ناکەین لە دەستوری گۆڕان، گۆڕانیش لە گردی زەرگەتەیە.
شکستهێنانی هەوڵەکانی مستەفای سەید قادر
مستەفای سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێم لە پشکی گۆڕان، هەوڵی لەیەکتر نزیککردنەوەی دوو ئاراستەکەی گۆڕانی داوە، بەڵام هەوڵەکانی شکستیهێناوە و ئەنجامی نەبووە.
مەرجی ئاراستەی گردی زەرگەتە دوورخستنەوەی دانا ئەحمەد مەجیدە
هەرچەندە مستەفای سەید قادر وەکو نێوەنگیر هەوڵی ئاشتەوایی داوە لە نێوان دوو ئاراستەی گۆڕان دا، بەڵام ئاراستەی گردی زەرگەتە ناوبراو لەسەر ئاراستەی کوردسات هەژمارد دەکەن، سهرباری ئهوهى ناوبراو دۆستایەتی لەگەڵ کوڕانی نەوشیروان مستەفاشدا هەیە.
ڕۆڤان سەروەت، دەڵێت: "کاک مستەفا هەوڵی بە دامەزراوەیی کردنی گۆڕان دەدات، ئاگاداری هەوڵەکانی نیم، بەڵام کاک مستەفا دێتە مەکۆی سەرەکی کوردسات و بەشداری چالاکییەکان دەکات."
بەپێی بەدواداچوونەکانی پەنجەرە کە لە بەرپرسانی ئاراستەی گردی زەرگەتەوە دەستیکەوتوون، مەرجی ئەوان بۆ ئاشتەوایی و نزیکبوونەوە لەگەڵ ئاراستەی کوردسات، دوورخستنەوەی دانا ئەحمەد مەجید بووە.
بەڵام ڕۆڤان سەروەت وتی: ئەوان بۆ خۆیان وا دەڵێن، ئێمە دیدارمان ئەنجامداوەو دەرگامان بەڕووی هەموو گۆڕانخوازە زویرەکاندا واڵا کردووە و ئەو قۆناغەمان تێپەڕاندووە.
ناکۆکی لەسەر موڵك و پارە
بەرپرسانی ئاراستەی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژەبەوەدەکەن، لەلایەن ئاراستەی کوردساتەوە داوای 4 ملیۆن دۆلاریان لێکراوە بۆ دەستبەرداربوون لە بزووتنەوەکە، بەڵام ئەوان ئەو بڕە پارەیەیان ڕەتکردووەتەوە.
بەپێی وتەی بەرپرسانی ئاراستەی زەرگەتەی گۆڕان، ئاراستەی کوردسات داوای 4 ملیۆن دۆلاریان کردووە، بەڵام ئەوان ڕازیبوون 3 ملیۆن دۆلاریان پێبدەن، بەو مەرجەی لەم بڕە پارەیە، قەرزی کارەبای گردەکەو بیناکانی تری لێدەربکەن کە پێشتر ئەوانی تێدابوون و بڕی قەرزەکە یەک ملیار و 300 ملیۆن دینارە.
ئێمە جیاوازین لە هێزە نەریتییەکان و باوەڕمان بە دامەزراوەییکردن هەیە دوور لە تەوریسی سیاسی
ڕۆڤان سەروەت، ڕەتیدەکاتەوە داوای پارەیان لە ئاراستەی زەرگەتە کردبێت و دەڵێت: كێشەی ئێمە شەڕی دۆلار و دینار نییە، ئێمە جیاوازین لە هێزە نەریتییەکان و باوەڕمان بە دامەزراوەییکردن هەیە دوور لە تەوریسی سیاسی.
بەڵام ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان- ئاراستهى گردی زەرگەتە، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "چەندین کۆبوونەوە ئەنجامدراوە و ئەوان بۆ دەست بەرداربوون لە ناوی گۆڕان، داوای پارەیان کردووە."
جگە لەو موڵکانەی لە سلێمانی هەیەتی، گۆڕان لە دهۆک خاوەنی موڵکێکە و پێشتر بە (60) دەفتەر دۆلار کڕدراوەو ئێستا نرخەکەی گرانترە، لە هەولێریش خاوەن دوو موڵکە و پێشتر یەکێک لەو موڵکانەی لە یەکگرتووی ئیسلامی کڕیووە و بەهای هەردوو موڵکەکە دەگاتە یەک ملیۆن و نیو دۆلار.
هەروەها لە کەرکوک، کەلار، چەمچەماڵ و چەند ناوچەیەکی تر، بزووتنەوەی گۆڕان موڵکی هەیە و هەر ئاراستەیەکیان لە هەر ناوچەیەک باڵادەست بێت، موڵکەکان لەژێر کۆنترۆڵی ئەو ئاراستەیەدان.