دەستبردن بۆ هەمواری دەستور؛ ئەو کارتەی کورد لێی تۆقیوه‌

٢٨ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٧:٤٠ پاش نیوەڕۆ

دەستبردن بۆ هەمواری دەستور؛ ئەو کارتەی کورد لێی تۆقیوه‌

په‌نجه‌ره‌

کاتێک لە ساڵی 2021، لایەنە شیعەکان مەسەلەی هەموارکردنەوەی دەستوری عێراقیان وروژاند، لایەنە کوردییەکان دووچاری شڵەژان و سەرلێشێوان بوون، بەو پێیەی کورد تەنها دەستور بە فاکتەری زامنکردنی مافەکانی لەچوارچێوەی عێراقدا ده‌بینێت.

لایەنە کوردییەکان دەستبردن بۆ هەموارکردنەوەی دەستور بە هێڵی سور دادەنێن و پێیانوایە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی مافە دەستوریەکانی کورد و زیانگەیاندن بە سیستەمی فیدراڵی، هەرچەندە پێیانوایە لایەنە شیعەکان دەرفەت لەدەستنادەن بۆ دەستبردن بۆ ئەو کارتە ئەگەر بۆیان بڕەخسێت.

بەپێی دەستوری عێراق، سیستەمی حوکمڕانی لە وڵاتدا فیدراڵیە، بەڵام جگە لە قەوارەی هەرێمی کوردستان کە لەساڵی 1991ـه‌وە دامەزراوە، عێراق هیچ هەرێمێکی تری تێدا نییە، لەکاتێکدا دروستبوونی هەرێمی تر خواستی کوردە و بەلای لایەنە شیعەکانیشەوە قەبوڵنەکراوە.

لایەنە کوردییەکان، دەستبردن بۆ دەستور بەزیانگەیاندن بە سیستەمی فیدراڵی و بەهێزکردنی پێگەی حکومەتی ناوەندیی لێکدەدەنەوە، لەکاتێکدا شیعەکان و بەشێک لە سونەکانیش تێبینیان لەسەر دەستور هەیە و بەدوای دەرفەت دا دەگەڕێن بۆ هەموارکردنەوەی.

مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد کە لەنوسینەوەی دەستوری عێراق دا ڕۆڵی هەبووە، به‌ په‌نجه‌ره‌ى وت: کاتێک دەستور پەسەندکرا، شیعەکان نیگەرانبوون، سونەکانیش تێبینیان هەبوو، بەتایبەت لەو بڕگەیەی ماف بە پارێزگاکان دەدات بەدەنگی دوو لەسەر سێ یاسایەکی پەیوەندیدار بەخۆیان ڕەتبکەنەوە. 

جەختیشیکردەوە:لایەنە عێراقیەکان دژی فیدراڵین و حوکمێکی ناوەندی بەهێزیان دەوێت.

گەورەترین مەترسی هێزە کوردیەکان، کارکردنی لایەنە شیعەکان و هەموارکردنەوەی دەستورە لەماوەکانی داهاتوودا، بەتایبەت لە غیابی هێزەکانی هاوپەیمانان و بە پشتگیریی هێزە ئیقلیمیەکان، هەر دەستبردنێکیش بۆ دەستور، بەهەوڵێک بۆ لاوازکردنی پێگەی هەرێم لێکدەدەنەوە.

بەرپرسانی کورد مەترسی خۆیان لە هەموارکردنەوەی دەستور ناشارنەوەو هەمیشە ئاماژە بەیەک دەنگی دەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر هەوڵێک گەر بۆ ئەو مەبەستە بدرێت، لەکاتێکدا نەشیانتوانیوە لە بەغدا ئەو یەکدەنگیە بەدەست بهێنن. 

چاودێران پێیانوایە، لە ئەگەری دەستبردنی لایەنە شیعەکان بۆ هەمواری دەستور، هەوڵەکانیان بەجۆرێک دەبێت هەموارکردنەوەکە خزمەت بە بەهێزکردنی دەسەڵاتی ناوەندی بکات و ڕەگەزەکانی دەوڵەتی مەزهەبیشی تێدا جێ بکەنەوە.

ئەوەی مەترسی دروستکردووە لە دەستبردنی لایەنە شیعەکان بۆ هەموارکردنەوەی دەستور ئەوەیە، ئەوان هەمیشە خراپی دۆخی عێراق بۆ هەبوونی کەموکوڕی لەدەستوردا دەگێڕنەوە.

ڕێوشوێنەکانی هەموارکردنەوەی دەستور ئاسان نیە و بەپێی دەستوری عێراق، دەنگدەرانی سێ پارێزگاکەی هەرێم، دەتوانن ڕێگری بکەن لەپلانەکانی هەمواری دەستور، بەڵام تا ئێستا ڕوون نیە، ئەو لایەنانەی کار بۆ هەموارکردنەوەی دەستور دەکەن، چ پلانێکیان پێیە بۆ لابردنی لەمپەرەکان.

هەوڵی لایەنە عێراقیەکان بۆ هەموارکردنەوەی دەستور لەکاتێکدایە، کورد تەنها دڵی بەو دەستورە خۆشە و پێیوایە مافەکانی تێدا زامنکراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەدوور نازانرێت، ناکۆکی نێوان هێزە کوردیەکان و پەرتەوازەییان، کاری ئەو هێزانە ئاسانتر بکات کە خواستی هەموارکردنەوەی دەستوریان هەیە.

د. مەحمود عوسمان، وتی: ئەوان دەڵێن مافی کورد زۆرە لەدەستوردا، ئەمەریکا و نەتەوەیەکگرتووەکان ڕۆڵیان هەبووە لە داڕشتنی دەستوردا، بۆیە دەیانەوێت هەمواری بکەنەوە، بەڵام نازانم پێیان دەکرێت یاخود نە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو