نهێنی 50 هەزار بەرمیل نەوتەکەی هەرێم؛ بۆچی نرخی سوتەمەنی هەر گرانە؟
٣٠ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٧:٣٠ پاش نیوەڕۆ

پهنجهره
لەکاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان 50 هەزار بەرمیل نەوتی بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان گل داوەتەوە، بەڵام تا ئێستا نرخی بهنزین، گاز و نەوتی سپی لە بازاڕەکانی هەرێم دا گرانن و بەنرخی پاڵپشتیكراو "مدعوم"نافرۆشرێنە خەڵک.
گرانی نرخ لە هەرێم
ئەو 50 هەزار بەرمیل نەوتەی حکومەتی هەرێم بە ناوی پێداویستی ناوخۆوە ڕادەستی عێراقی نەکرد، دەبێت بدرێتە پاڵاوگەکانی کوردستان بۆ ئەوەی بیپاڵێون و سوتەمەنی بە نرخی پاڵپشتیكراو بە خەڵک بفرۆشن، بەڵام تائێستا هەرێم ئەم هەنگاوەی نەناوە.
بەپێی نرخی پاڵپشتیكراو دەبێت لتری بهنزین بە 450 دینار و لتری گاز بە 400 دینار بە خەڵک بفرۆشرێت، بەڵام هێشتا نرخی سوتەمەنی لە هەرێم دوو هێندەی ناوچەکانی عێراق گرانترە.
گرانی نرخی سوتەمەنی لە هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە، لە زۆربەی ناوچە جیاجیاکانی هەرێم بهنزینی ئێرانی بە دەبە دەفرۆشرێت، نرخەکەی هەرزانترە لەو سوتەمەنییەی حکومەت دابینیدەکات.
هەرێم ڕێگریی کرد
کاتێک حکومەتی عێراق و هەرێم دانوستانیان لەسەر نەوت دەستپێکرد، وەزارەتی نەوتی عێراق ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ ئەوەی سوتەمەنی بە نرخی پاڵپشتیكراو ڕەوانەی هەرێم بکات، ئەگەر هەرێم هەموو نەوتی ڕادەست بکات.
حکومەتی هەرێم داواکارییەکەی بەغدای ڕەتکردەوە و 50 هەزار بەرمیل نەوتی بۆ پێداویستییەکانی ناوخۆ گل دایەوە، بەڵام تائێستا ئەو بڕە نەوتە بەکارنەهێنراوە بۆ هەرزانکردنی نرخی سوتەمەنی لە بازاڕەکانی هەرێم دا.
بەپێی ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا، دەبێت وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی هەرێم گرێبەست لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە ئەنجام بدات کە پاڵاوگەیان هەیە، تا ئەو 50 هەزار بەرمیل نەوتە بپاڵێون و سوتەمەنی بەنرخی پاڵپشتیكراو بەخەڵک بفرۆشرێت.
ئەو کۆمپانیایانەی کە خاوەنی پاڵاوگەن، کۆمپانیای قەیوان پاڵاوگەی لە بازیان هەیە، هەروەها کۆمپانیاکانی کارگروپ و لانازیش پاڵاوگەیان لە هەولێر هەیە.
عێراق سود لە کۆمپانیاکانی هەرێم وەردەگرێت
لەکاتێکدا سێ کۆمپانیا گەورەکەی نەوت کە خاوەن پاڵاوگەن سودیان لێوەرنەگیراوە بۆ ئەوەی نەوتی هەرێم بپاڵێون و بە نرخی پاڵپشتیكراو بیفرۆشن بە خەڵک، بەڵام ئەو کۆمپانیایانە گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق دا هەیە.
کۆمپانیای قەیوان کە پاڵاوگەکەی لە بازیانە، بەپێی گرێبەستێکی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق، نەوتی لە کەرکوکەوە بۆ ڕەوانە دەکرێت و دواتر گاز، بهنزین و نەوتی سپی بەرهەم دەهێنێت، پاشان ئەو بەرهەمانە بە نرخی پاڵپشتیكراو بە خەڵکی عێراق دەفرشرێن.
هەروەها کۆمپانیای لاناز و کار گروپیش، بەپێی ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق هەیانە، سوتەمەنی بۆ پارێزگاکانی نەینەوا و هەندێک ناوچەی تری عێراق بەرهەمدەهێنن.