دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان؛ گرێ کوێرەی ڕێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی
٢ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١٠:١٦ پێش نیوەڕۆ

پەنجەرە
لەکاتێکدا پارتی پیادەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران بە فراوانی دەکات بەو پێیەی سەرۆکی ئەو دوو دەزگایەی لایە، بەڵام یەکێتی پێیوایە لە ڕێگەی ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە، سەرۆکی پەرلەمان قوفڵ کراوە.
دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان
دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لە سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگر پێکدێت، سەرۆکی پەرلەمان بەبێ دوو جێگرەکەی ناتوانێت ڕەنگڕێژی سیاسەتی حزبەکەی و پیادەی دەسەڵاتەکانی بکات بە بێ ڕەزامەندی دوو جێگرەکەی.
بەپێی ماددەی (16) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، دانانی بەرنامەی کارو دانیشتنەکان، خوێندنەوەی کۆنوس و پەسەندکردنی، یەکلاییکردنەوەی ناکۆکی نێوان لیژنەکان،هەموارکردنەوەو داڕشتنی سیاسەتی دارایی و کارگێڕی پەرلەمان لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەماندان.
لە ماددەکانی (18) و (19) و (20) ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دا، دەسەڵاتەکانی سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی دیاریکراون، کە شێوازی بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی پەرلەمان دەستە جەمعییە.
هەرچەندە لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دا ئاماژەی پێنەکراوە، بەڵام لە ڕووی واقیعییەوە هەر لایەنێک لە نێو دەستە سێ کەسییەکەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دا دوو ئەندامی هەبێت، سەرۆکایەتی پەرلەمان کۆنترۆڵ دەکات با سەرۆکیشی لا نەبێت.
چۆمان محەمەد، پسپۆڕی بواری یاسا، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: هەر لایەنێک لە دەستە سێ کەسییەکەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دوو ئەندامی لابێت، دەتوانێت هەرچی بوێت بیخاتە بەرنامەی کارو هەرچیشی نەوێت لە نێو ڕەفەی پەرلەمان بیهێڵێتەوە.
یەکێتی و پارتی ماران گەستەن
پارتی دیموکراتی کوردستان "ماران گەستە"ی دەست دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانە، بۆیە لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەوڵیداوە لە دەستە سێ کەسیەکەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، دوو ئەندامی لابێت، یەکێکیان ئەندامی خۆی و ئەویتریان سەربە پێکهاتەکانی نزیک لە خۆی بن.
ئەوکاتەی دکتۆر یوسف محەمەد سەرۆکی پەرلەمان بوو، هەوڵی هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم درا، کاتێک ویلایەتی سەرۆکایەتییەکەی مەسعود بارزانی کۆتایی هاتبوو، ئەمەش ناکۆکی قوڵی دروستکرد و داخستنی دەرگای پەرلەمانی لێکەوتەوە.
کاتێک هەوڵی هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم دراو پارتی پێی نیگەران بوو، لە دەستە سێ کەسییەکەی سەرۆکایەتی پەرلەمان تەنها یەک ئەندامیان لای پارتی بوو، سەرۆکی پەرلەمان لای گۆڕان و جێگری دووەمیش لای کۆمەڵی دادگەری بوو.
هەوڵەکانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لە سەردەمی دکتۆر یوسف محەمەد دا، پارتی دووچاری ڕاچڵەکان کرد، بۆیە لە خولەکانی دواتردا لە دەستە سێ کەسییەکەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، هەوڵیدا دوو ئەندامی لابێت و لە ڕێگەی پەرلەمانەوە سەرئێشەی بۆ دروست نەکرێت.
لەکاتێکدا پارتی دەرگای بەڕووی سەرئێشەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دا لە ڕێگەی بردنی زۆرینەوە داخست، یەکێتی کە زۆرجار پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی لایە پێیوایە، لە ڕێگەی ئەو پۆستەوە نەیتوانیوە ڕەنگڕێژی سیاسەتی خۆی بکات بەو پێیەی زۆرینەی دەستەکەی لا نەبووە.
پرسیارەکە ئەوەیە: ئەمجارە یەکێتی و پارتی چۆن دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان یەکلایی دەکەنەوە؟
سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کە هەمیشە لای پارتی دیموکراتی کوردستانە، پێشتر مەسعود بارزانی و ئێستا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکە، نە دەستەیەو نە ئەنجومەن، بەڵکو لە سەرۆکێک و دوو جێگر پێکدێت.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان زۆربەی دەسەڵاتەکانی پیادە دەکات و جێگرەکانی ناتوانن لەمپەری لەپێش دروست بکەن، زۆرجاریش سەرۆک و جێگرەکانی تەبا بوون.
هەروەها سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە پێشتر لای نێچیرڤان بارزانی و ئێستا لای مەسرور بارزانییە، سەرباری ئەوەی ئەنجومەنە بەڵام سەرۆکەکەی دەسەڵاتی فراوانی هەیە، جێگر ناتوانێت ڕێگری لێ بکات لەکاتی مومارەسەی دەسەڵاتەکانیدا.
چۆمان محەمەد دەڵێت: سەرۆکوەزیران و سەرۆکی هەرێم دەسەڵاتەکانیان فراوانترە، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان بەبێ دەستەکەی ناتوانێت زۆر شت ئەنجام بدات.