بۆ ئهوهى نهكوژرێن ئاژهڵه كێوییهكان پێویستیان به پشت و مهسئوله
٢ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١٠:١٧ پێش نیوەڕۆ

پهنجهره
ئاژەڵە کێوییەکانیش بۆ ئەوەی پارێزراوبن و نەکوژرێن پێویستیان بە پشتگیری بەرپرس و دەسەڵاتدارانە، ئاژەڵە کێوییەکانی ناوچەو گوندو زێدی بەرپرسان پارێزراوترن بەراورد بەو ئاژەڵ و باڵندانەی لە ناوچەکانی ترن.
ئەرکی پاراستنی ئاژەڵە کێوییەکانی گەرمیان بە پۆلیس سپێدراوە و پاڵپشتی ناکرێن، لەکاتێکدا ئاژەڵە کێوییەکانی بارزان و قەرەداغ لەلایەن خودی دەسەڵاتدارانەوەو لەچوارچێوەی بایەخ دانیان بە ژینگەی ناوچەکانی خۆیان پارێزگارییان لێ دەکەن.
ئاژەڵە بەچانسەکان
ڕاوکردن و زیانگەیاندن بە سروشتی ناوچەی بارزان لەلایەن بنەماڵەی بارزانییەوە قەدەغەکراوە، هەروەها ڕاوکردن بۆ ڕاوچییەکان لە ناوچەی قەرەداغی زێدی شێخەکانیش ئاسان نییە، لەکاتێکدا دۆخەکە لەناوچەکانی تر جیاوازترە.
سەروەر قەرەداغی، سەرۆکی ڕێکخراوی سروشتی کوردستان، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: دەبێت وەکو یەک پارێزگاری لەسروشتی هەموو ناوچەکان بکرێت، بەڵام نەبوونی یاسا و سیستەم وایکردووە لەهەندێک ناوچەی وەکو بارزان و قەرەداغ کەمتر دیاردەی ڕاوکردن هەبێت، بەو پێیەی ڕاوچییەکان ترسیان لە کەسە دەسەڵاتدارەکان هەیە نەک لە سیستەمەکە.
وتیشی: ڕەنگە لەو ناوچانەش ڕاوکردن هەبێت، بەڵام دیاردەی ڕاوکردن کەمترە بەراورد بە ناوچەکانی تر کە ئاژەڵەکان کوشت و بڕ دەکرێن.
بەپێی وتەی سەرۆکی ڕێکخراوی سروشتی کوردستان، قەدەغەکردنی ڕاو و بڕینەوەی دار لە ناوچەی بارزان وەکو کلتوری لێهاتووە، بابەتەکەش پەیوەندی بەهێز و دەسەڵاتەوە هەیە نەک سیستەم.
ئاژەڵە بێ پشتەکان
ڕەنگە ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکانی ناوچەی گەرمیان بێ چانسترین ئاژەڵ و باڵندە بن، بەو پێیەی هەڵقوڵاوی نێو ژینگەیەکی بێ پشتیوانی بەرپرس و دەسەڵاتدارانن، ئەمە جگە لەوەی ئەرکی پاراستنیشیان سپێردراوە بە پۆلیس کە پاڵپشتی ناکرێت.
لەکاتێکدا بە دەگمەن ڕاوچی لە ناوچەکانی بارزان و قەرەداغ دەستگیردەکرێن، بەڵام کەم مانگ هەیە ڕاوچییەکان لە ناوچەکانی بناری بەمۆوە تا سنوری خانەقین لەلایەن پۆلیسەوە ژمارەیەکیان لێ دەستگیر نەکرێت.
ڕەنگە لە ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکانی بناری بەمۆ و گوندەکانی ئەوبەری سیروان بێ چانس تر، ئاژەڵە کێویەکانی ناوچەی غەڕەو پەڵکانەی نزیک خورماتوو بن، بەو پێیەی لە نێو ژینگەیەکی پڕ لە کێشەی ئەمنیدان و بە ئاشکرا کوشت و بڕ دەکرێن.
ڕائید هاوڕێ گەرمیانی، بەڕێوەبەری پۆلیسی سنوری خانەقین کە ئەرکی پاراستنی ئاژەڵە کێوییەکانی بناری بەمۆ و گوندەکانی سنوری خانەقینی لە ئەستۆدایە، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: گرفتی دارایی و کەمی پۆلیس تەنگی پێهەڵچنیوین.
دەشڵێت: سێ مانگە لترێک سوتەمەنی بۆ ئۆتۆمبێلەکانمان خەرج نەکراوەو پێشتریش مانگانە بۆ هەر ئۆتۆمبێلێکمان 80 لتر سوتەمەنی دابینکراوە، کە ئەمە بەشی سێ شەوی دەرچوونمان ناکات.
هەرچەندە ژینگە پارێزان ئاماژەبەوەدەکەن، ڕێژەی ڕاوکردن لە ناوچەی گەرمیان زۆرە و بەشێک لە ڕاوچییەکان بۆ بەرپرسان ڕاوی ئاسک و ئاژەڵە کێوییەکان دەکەن، بەڵام بەرپرسەکەی پۆلیس دەڵێت هەوڵیانداوە ڕێگە لە دیاردەی ڕاوکردن بگرن.
ڕائید هاوڕێ دەڵێت: لەماوەی ڕابردوودا، 60 ڕاوچیمان دەستگیرکردووە، خەڵکیش هەیە لەلایەن بەرپرسانەوە بۆ ڕاوکردن ڕادەسپێردرێت بەڵام خودی بەرپرسان لە ڕاوکردن دا نەبینراون.
بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، گەورەترین گرفتی پۆلیسی دارستانی گەرمیان بۆ ڕێگرتن لە ڕاوکردن، بوونی هێزی جیاوازە لە ناوچە سنورییەکان کە بەشێک لەو ناوچانە لەژێر کۆنترۆڵی ئەو هێزانەدان و پۆلیس ناتوانێت سنوریان ببەزێنێت، لەکاتێکدا گومانی ڕاوکردن لەو ناوچانە دەکرێت.
سەروەر قەرەداغی دەڵێت: دیاردەی ڕاوکردن لە بناری بەمۆو دەشتاییەکانی گەرمیان بوونی هەیە، چونکە توانای پۆلیس بۆ پاراستنی ئاژەڵەکان سنوردارە.