لەگەڵ نزیکبوونەوە لە وادەی هەڵبژاردن؛ ململانێی نێوان مالکی و سودانی چڕتر دەبێتەوە

٢ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١٠:٢١ پێش نیوەڕۆ

لەگەڵ نزیکبوونەوە لە وادەی هەڵبژاردن؛ ململانێی نێوان مالکی و سودانی چڕتر دەبێتەوە

پەنجەرە

محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەیەوێت کۆتایی بە هەژموونی نۆزدە ساڵەی نوری مالکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا بهێنێت، مالکیش کار بۆ پاراستنی پێگەکەی و کۆتایی هێنان بەتەمەنی حوکمڕانی سودانی دەکات.

ململانێی نێوان مالکی و سودانی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن دا ڕەنگدانەوەی دەبێت، بەڵام لە کاتی  پێکهێنانی حکومەت دا قوڵتر دەبێتەوە، بەو پێیەی سودانی هەوڵی مانەوەی لە پۆستەکەی و مالکیش هەوڵی دوور خستنەوەی دەدات.

مالکی؛ بەربەستە گەورەکە

نوری مالکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا، ماوەی نۆزدە ساڵە کارەکتەرێکی بەهێزی نێو گۆڕەپانی سیاسی عێراقە، زۆربەی سەرکردە شیعەکان خۆریان ئاوابوو، بەڵام ئەو هێشتا شەڕی پاراستنی هەژموون و پێگە بەهێزەکەی دەکات.

نوری مالکی، بەسوود وەرگرتن لە پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە لە ساڵی 2006 وەریگرت، پێگەی خۆی بەهێزکردو ڕەگی لەنێو جومگە هەستیارەکانی وڵات دا داکوتا.

دوای تێپەڕبوونی 19 ساڵ بەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستەو تێپەڕبوونی 11 ساڵ بەسەر دەستبەرداربوونی لێی، هێشتا مالکی شەڕی براوەی یەکەم دەکات لەکاتێکدا ئەو کەسانەی دوای ئەو پۆستی سەرۆکوەزیرانیان وەرگرت، هەرزوو خۆریان ئاوابوو.

لەماوەی 18 ساڵی ڕابردوودا، مالکی توانیویەتی ڕکابەرەکانی هەر لە ئەیاد عەلاوییەوە تا موقتەدا سەدر لە گۆڕەپانەکە دوور بخاتەوە، ئەمەش بەسود وەرگرتن لە هێزی ئێران و پشتگیری لایەنە شیعەکانی تر.

محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بووەتە بەربەستێکی گەورەی بەردەم مالکی، بۆیە بەئاشکرا لەلایەن ئەندامانی دەوڵەتی یاساوە هێرشی دەکرێتە سەر.

نوری مالکی، سەرۆکی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند: بەبێ ڕەزامەندی چوارچێوەی هەماهەنگی سودانی ناتوانێت پۆستی سەرۆکوەزیران وەربگرێتەوە.

سودانی؛ یاریچییە بێدەنگەکە

لەکاتێکدا لەلایەن خودی مالکی و دەوڵەتی یاساوە هێرشی دەکرێتە سەر، بەڵام محەمەد شیاع سودانی بە بێ دەنگی هەموو هەوڵەکانی بۆ بردنەوەی هەڵبژاردن خستووەتەگەڕ.

بەشێک لەو پەرلەمانتارو سیاسییە شیعانەی پێشتر هاوپەیمان و هاوڕای مالکی بوون، ئێستا چوونە پاڵ سودانی و لەم هەڵبژاردنەدا هەوڵی سەرخستنی هاوپەیمانێتییەکەی دەدەن، ئەمەش هێندەی تر مالکی توڕە کردووە.

بەوتەی بەرپرسانی عێراق کە پەنجەرە قسەی لەگەڵ کردوون، کێبەرکێی نێوان مالکی و سودانی گەیشتووەتە ئاستێک، دەوڵەتی یاسا پارەیەکی زۆری بۆ دەنگ کڕین تەرخانکردووە، سودانیش هەموو دەسەڵاتەکانی خستووەتەگەڕ بۆبردنەوەی هەڵبژاردن.

سەلام زوبەیدی، وتەبێژی هاوپەیمانی نەسر، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەمجارە لە ڕێگەی دەسەڵات و پارەوە یەکلایی دەکرێتەوە.

هەڵبژاردنێکی چارەنوسساز

هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە چارەنوسساز دادەنرێت، بەو پێیەی دوو جەمسەری شیعی ململانێیانەو شەڕی خستنی یەکتری دەکەن، ئەنجامی ئەم ململانێیە بۆ داهاتووی عێراق گرنگ دەبێت.

بەڕای چاودێرانی سیاسی، ئەگەر سودانی بتوانێت ململانێکە لە مالکی بباتەوەو هەوڵەکانی سەرکەوتوو بێت بۆ مانەوەی لە پۆستەکەی، ئەوا کۆتایی بەهەژموونی کارەکتەرێکی سیاسی دەهێنێت، کە 19 ساڵە پانتایی سیاسی عێراقی کۆنترۆڵکردووە.

لە ئەگەری شکستی سودانی و سەرکەوتنی پلانەکانی مالکی، ئەوا هەژموونی مالکی بۆ ماوەی چەند ساڵێکی تریش بەسەر گۆڕەپانی سیاسی عێراقەوە بەردەوامی دەبێت.

محەمەد حسام، وتەبێژی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی دەڵێت: هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هێندەی هەڵبژاردنی 2005 گرنگە، چونکە دەبێتە هۆی داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی عێراق لە داهاتوودا.

ململانێی نێوان مالکی و سودانی تەنها ململانێی نێوان دوو کارەکتەرو سیاسی شیعی نیە بەڵکو ڕەهەندێ نێودەوڵەتی ئیقلیمیشی هەیە، بەوەی ئێران دەیەوێت لە ڕێگەی مالکییەوە درێژە بە سیاسەتەکانی بدات و ئەمەریکاش خوازیاری گۆڕانکاری ڕیشەییە لە عێراق.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو