شەڕی سوریا؛ ئەو ئاگرەی کەس نایەوێت هەڵبگیرسێت

٣ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١٠:٣٨ پاش نیوەڕۆ

شەڕی سوریا؛ ئەو ئاگرەی کەس نایەوێت هەڵبگیرسێت

پەنجەرە

بارودۆخی سوریا بە هەڵواسراوی ماوەتەوەو حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات بانگەشەی شەڕ دەکەن و هەڕەشە لە یەکتری دەکەن، لەهەندێک ناوچەش ناو بە ناو پێکدادان لە نێوانیان ڕوودەدات.

دوای ڕێک نەکەوتنی حکومەت و کورد لە سوریا دۆخەکە بەراورد بە جاران ئاڵۆزتر بووە، بۆیە هەندێک لە چاودێران پێیانوایە ڕوودانی شەڕ حەتمییە، بەڵام هەندێکی تر ڕوودانی شەڕ بەدوور دەزانن و پێیانوایە ئاڵۆزییەکان لەچوارچێوەی فشاردا بۆ سەر یەکتری بەردەوامیان دەبێت.

ڕوودانی شەڕ 

بەڕای بەشێک لە چاودێرانی سیاسی، ئەگەری ڕوودانی شەڕ لە نێوان حکومەتی سوریاو هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە ئەگەرێکی لاوازە، بەو پێیەی هەڵگیرسانی شەڕ لە ئێستادا لەبەرژەوەندی سوریاو تورکیاش نیە.

چاودێران دەڵێن، ئەگەر شەڕی سەرتاسەری لەنێوان حکومەتی سوریاو هێزەکانی هەسەدە هەڵبگیرسێت، شەڕەکە بەرفراوان و مەودا درێژ دەبێت، لەکاتێکدا ئێستا هەسەدە لەڕووی توانای سەربازی و لۆجستییەوە لە سوپای سوریا بەهێزترە، ئەمەش لە قازانجی سوریا نیە.

لەئەگەری هەڵگیرسانی شەڕو وروژاندنی مەسەلەی خێڵەکی و ئاینی بۆ شەڕی دژ بە کورد مەسەلەکە بە زیانی حکومەتی سوریا دەشکێتەوە، بەو پێیەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا ئامادەگییان هەیەو ناتوانرێت کوشت و بڕکردنی کورد هاوشێوەی دروز و عەلەویەکان بشاردرێتەوە.

چاودێران ئاماژەبەوەش دەکەن، هەڵگیرسانی شەڕی گەورە لە دژی کورد لە سوریا لە بەرژەوەندی تورکیاش نابێت، بەو پێیەی دۆخەکە لەدەست دەردەچێت و بوار بۆ ئیسرائیل، ئێران و ڕوسیا دەڕەخسێنێت دەستوەردان بکەن لە کاروباری ئەو وڵاتە.

کورد و ئاشتی

بەشێکی تر لە چاودێرانی سیاسی بە پێچەوانەوە لە دۆخی سوریا دەڕوانن و پێیانوایە، ڕوودانی شەڕ ئەگەرێکی حەتمییە و تورکیا ڕازی نابێت هێزەکانی هەسەدە بەو پێکهاتە بەهێزەوە بمێننەوە.

هەرچەندە لە ڕابردوودا هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە سودیان لە قەیرانی سوریا وەرگرتووەو هێزەکانیان تۆکمەو بەهێزتر کردووە، بەڵام چاودێران پێیانوایە مانەوەی دۆخەکە بە هەڵواسراوی لەبەرژەوەندی کورد نیە.

حکومەتی سوریا شەرعیەت پەیدا دەکات و پشتیوانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ دروست دەبێت، لەڕووی ئابووریشەوە سودمەند دەبێت لە پاڵپشتییە دەرەکییەکان، ئەمەش وادەکات لە داهاتوودا باڵانسی هێز بەلای حکومەت دا بگۆڕێت.

چاودێرانی سیاسی، ڕێککەوتنی کورد لە گەڵ حکومەتی سوریا بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ گەرەنتی کردنی ئایندەیان لەو وڵاتە دەبینن، بەتایبەت ئەگەر ڕێککەوتنەکان بەجۆرێک بن بەرگی یاساییان بکرێتەبەر.

لەنێوان ئەگەری شەڕو ڕێککەوتن دا، دۆخی سوریا تا ئەندازەیەکی زۆر قەتیس بووە، بەوەی ئەگەر شەڕ ڕووبدات لە بەرژەوەندی هیچکام لە سوریاو هەسەدەش نابێت، مانەوەی دۆخەکەش بە هەڵواسراوی تاسەر نابێت، بۆیە هەمووان بە نیگەرانییەوە لە ئایندەی ئەو وڵاتە دەڕوانن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو