باگرام؛ ئەو بنکە سەربازییەی ئەمەریکا پەشیمانە لە بەجێهێشتنی
٣ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١٠:٤٤ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
دوای سەرهەڵدانەوەی کێشمەکێش لە نێوان ئەمەریکا و بزووتنەوەی تاڵیبان لەسەر بنکەی سەربازیی باگرام، جارێکی تر مشتومڕ لەسەر گرنگی ئەو بنکە سەربازییە سەریهەڵدایەوە کە کاتێک ئەمەریکا لێی کشایەوە دووچاری ڕەخنەی گەورە بوو.
زیاتر لە بنکەیەکی سەربازیی
بنکەی سەربازی باگرام لە سەردەمی یەکێتی سۆڤیەت دا لە ئەفغانستان دروستکراوە، بەڵام لە ساڵی 2001 تا ساڵی 2021، ئەو بنکەیە پێگەیەکی گرنگ و گەورەی سەربازیی و هەواڵگیریی ئەمەریکا بوو.
لەو ماوەیەدا، ئەمەریکا نزیکەی 144 ملیار دۆلاری لە بواری ئەمنی و بونیادناندا لە ئەفغانستان خەرجکردووە و بنکەکەش لەو چوارچێوەیەدا بەهێز و تۆکمە کراوە.
بنکەی سەربازی باگرام، گەورەترین بنکەی سەربازی ئەمەریکا بوو لە ئەفغانستان، ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا لە یەکلایی کردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازیی و هەواڵگیرییەکان.
باگرام 59 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی باکوری کابولی پایتەختی ئەفغانستانەوە دوورە، بنکەکە فڕۆکەخانەی گەورە و ڕێڕەوی فڕین، بینا و نەخۆشخانە، زیندان و کۆگا، شوێنی هەموو پێداویستییە سەربازیی و لۆجستی و تەندروستییەکانی بۆ دروستکراوە.
بنکەی سەربازی باگرام، لە دیارترین سیمبولی ئامادەگی ئەمەریکا بوو لە ئەفغانستان لە ماوەی ساڵی (2001 بۆ 2021)، بەڵام کاتێک لێی کشایەوە و تاڵیبان کۆنترۆڵی کرد، ئەوکات ئەمەریکا زانی چی هەڵەیەکی گەورەی ئەنجامداوە.
ترەمپ داوای باگرام دەکات
دوای تێپەڕبوونی 4 ساڵ بەسەر کشانەوەی ئەمەریکا، داواکارییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕادەستکردنەوەی بنکەی سەربازیی باگرام لەلایەن بزووتنەوەی تاڵیبانەوە بەتوندی ڕەتکرایەوە.
سەرهەڵدانەوەی مشتومڕ لەسەر بنکەی سەربازی باگرام لەکاتێکدایە، چین و ئەمەریکا لە کێبڕکێی بەهێزدان بۆ ئەوەی هەژموونی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا بسەپێنن، بۆیە پرسیاری ئەوە دروست دەبێت باگرام چی پەیوەندیەکی بە چینەوە هەیە؟
هەرچەندە لەبارەی وتەکانی سەرۆکی ئەمەریکاوە گومان دروست بووە بەوەی ئەو وڵاتە جدیە لە گێڕانەوەی هێزەکانی بۆ باگرام، یاخود مەسەلەکە کارتی فشارە و بەشێکە لە یارییەکی گەورەتر کە ململانێی نێوان ئەمەریکا و چینە.
بنکەی سەربازی باگرام، تەنها بنکەیەکی سەربازیی و هەواڵگیری نیە و گرنگیەکەی لە ئەفغانستاندا کورت ناکرێتەوە، بەڵکو نزیکە لە هەرێمی شینجیانگی چینەوە، کە هەرێمێکی پڕ لە چەک و موشەکی ئەو وڵاتەیە.
بنکەکە بەلای ئەمەریکاوە گرنگ و هەستیارە تەنانەت ئەگەر جدیش نەبێت لە گەڕانەوە بۆی، بەو پێیەی بۆ دەستەبەرکردنی توانای چاودێریی و جوڵەی خێرا لەبەرامبەر ئەو هەڕەشە هەرێمایەتیانەی ڕووبەڕووی دەبێتەوە، دەتوانێت سودی لێوەربگرێت.
پەشیمان بوونەوەی ئەمەریکا
کاتێک ئەمەریکا لە ساڵی 2021 لە بنکەی سەربازی باگرام کشایەوە، لەناوخۆی ئەو وڵاتە دووچاری ڕەخنەی گەورە بوویەوە، بەوەی گوایە ئەمەریکا کارتێکی بەهێزی بۆ بەردەوامیدان بە هەژموونی لە ناوچەکەدا لەدەستداوە.
ئەمەریکا لە ڕێگەی باگرامەوە توانای چاودێریکردنی بەشێک لە چالاکییە سەربازییەکانی چینی هەبوو، هەر لەوێشەوە شەڕی تیرۆری لە ئەفغانستان دەکرد و سودێکی گەورەشی بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی لێ دەبینی.
خواستەکەی ترەمپ بە هەوڵی گێڕانەوەی هەژموونی ئەمەریکا بۆ ناوچەکە و قەرەبووکردنەوەی ئەو شکستە سەربازی و سیاسییەش لێکدەدرێتەوە، کە ئەمەریکا لە ئەفغانستان دووچاری بوو.
توڕەیی تاڵیبان و هەستیاریی چین و روسیا!
خواستی ترەمپ بۆ گەڕانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا بۆ بنکەی سەربازی باگرام تەنها بزووتنەوەی تاڵیبانی توڕە نەکردووە، بەڵکو چین و ڕوسیاش بە هەستیارییەوە چاودێریی مەسەلەکە دەکەن.
گەڕانەوەی ئەمەریکا بۆ بنکەی باگرام تەنها بۆ تاڵیبان مایەی سەرئێشە نیە، بەڵکو گەڕانەوەکە بەلای چین و ڕوسیاشەوە قەبوڵ نەکراوە و بە دروستکردنی مەترسی لەسەر ئاسایشی وڵاتەکانیان لێکیدەدەنەوە.
گەڕانەوەی ئەمەریکا بۆ باگرام بە ئەستەم دادەنرێت بەو پێیەی پرسەکە تەنها سیاسی نیە، بەڵکو لە ئەگەری گەڕانەوەیدا بۆ بنکەکە ئەمەریکا پێویستی بە هێزێکی گەورە دەبێت بۆ پاراستنی.
بەڕای چاودێرانی سیاسی، خواستی ئەمەریکا بۆ گەرانەوە بۆ باگرام یارییەکی سیاسییە نەک پلانێکی سەربازی، هەرچەندە گەڕانەوەکە پاڵپشتی ناوخۆیی ئەمەریکای هەیە، بەڵام دۆخی ئەفغانستان و ناوچەکە ڕێگرە لەبەردەم جێبەجێکردنی پلانەکەدا.
باگرام لەوە دەرچووە تەنها بنکەیەکی سەربازی بێت، بەڵکو بووەتە سیمبولی ململانێی نێوان ئەمەریکا لەلایەک و ڕوسیا و چین لەلاکەی تر، بۆیە پێناچێت ئەمەریکا بتوانێت ئەو بنکە سەربازییە بەو ئاسانییە بەدەستبهێنێتەوە کە بەجێیهێشت.