هەڵبژاردن لە عێراق؛ پرۆسەیەکی گرێدراو بە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە 

٣ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١٠:٤٨ پاش نیوەڕۆ

هەڵبژاردن لە عێراق؛ پرۆسەیەکی گرێدراو بە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە 

پەنجەرە

ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس تاوتوێی پلانەکەی ترەمپ دەکەن  بۆ کۆتایی هێنان بەشەڕ، ئێران چاودێری بارودۆخەکە دەکات و عێراقیش لەکاتێکدا سەرقاڵی هەڵبژاردنە، بەڵام چاویشی لەسەر هاوکێشەکانەو ترسی هەیە لەوەی پرۆسەی هەڵبژاردنی لێ تێکبدرێت.

 ئیسرائیل و حەماس 

بەپێی ئەو پلانەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە غەززە پێشکەشی کردووە، بزووتنەوەی حەماس هیچ ڕۆڵێکی نابێت لە بەڕێوەبردنی غەززەدا، ئیسرائیل تێبینی هەیەو حەماسیش تاوتوێی پلانەکە دەکات.

لەکاتێکدا سەرۆکی ئەمەریکا دەیەوێت لە جێبەجێکردنی پلانەکەیدا ڕۆڵ بدرێتە دەسەڵاتی فەڵەستینی لە ڕامەڵا، کە بە دەسەڵاتێکی "گەندەڵ" ناوی دەرکردووە، بەڵام ئیسرائیل نایەوێت بەشداری لە جێبەجێکردنی پلانەکەدا پێبکرێت.

بزووتنەوەی حەماسیش هەرچەندە ئاماژەبەوەدەکات تاوتوێی پلانەکەی ترەمپ دەکات، بەڵام لەلایەن قەتەرو هەندێک وڵاتی تری عەرەبیەوە  فشاری خراوەتە سەر بۆ ئەوەی بە پلانەکە ڕازی بێت.

بەپێی پلانەکەی ترەمپ، حەماس لە چەک دادەماڵرێت و هیچ ڕۆڵێکیشی نابێت لە بەڕێوەبردنی غەززەدا بۆ قۆناغی دوای جێبەجێکردنی پلانەکە، هەروەها دەبێت بارمتە ئیسرائیلیەکانیش ئازاد بکات.

یەکێتی ئەوروپا پشتگیری خۆی بۆ جێبەجێکردنی پلانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دەربڕیووەو ئامادەیی خۆیشی پیشانداوە بۆ بەشداریکردن لە جێبەجێکردنی پلانەکەدا، داواشی لە حەماس کردووە بە پلانەکە ڕازی بێت.

ئێران و چاوەڕوانی

بەرپرسانی ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی توندی ئیسرائیل دەکەن، ئەگەر گەڕێکی تری شەڕ سەرهەڵبداتەوەو لەلایەن ئەو وڵاتەوە هێرش بکرێتە سەریان، لەکاتێکدا بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن شەڕی نێوانیان لەگەڵ ئێران کۆتایی نەهاتووە.

ئێرانیەکان ئەگەری سەرکەوتن و شکستهێنانی پلانەکەی ترەمپیان بەهەند وەرگرتووەو چاودێری هەڵوێستی دوو لایەنە شەڕکەرەکە دەکەن، بەو پێیەی ڕازی بوونیان بە پلانەکە شەڕی نێوانیان لەگەڵ ئیسرائیل پێشتر دەخات.

د.سەردار عەزیز، لێکۆڵەری نێودەوڵەتی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ڕوون نیە شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل دوای جێبەجێکردنی پلانەکە یاخود پێشتر دەست پێدەکات، بەڵام ئەگەر پلانەکە جێبەجێ بکرێت دۆخەکە بۆ ئیسرائیل لەبارترە.

دەشڵێت: بۆ ئیسرائیل ئاسانترە شەڕێک تەواو بکات و ئینجا شەڕێکی تر بکات، وەکو ئەوەی لەیەککاتدا چەند شەڕێک بکات.

عێراق دەترسێت

عێراق لە کاتێکدا سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ترسی هەیە لەوەی شەڕی نێوان ئێران – ئیسرائیل هەڵبگیرسێت و ببێتە هۆی تێکچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن.

هەرچەندە کاتی هەڵگیرسانەوەی شەڕی نێوان ئەو دوو وڵاتە نەزانراو و پێشبینی بۆ نەکراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لایەنی عێراقی هێشتا ساردن لە بانگەشەی هەڵبژاردن و بەدووری نازانن ئەو شەڕە هەڵبگیرسێت و پرۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق تێکبدات.

د.یاسین تەها، شارەزا لە بواری کاروباری عێراق، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: سەدر گرەو لەسەر ئەنجام نەدات یاخود دواخستنی هەڵبژاردن دەکات، بۆیە کۆمەڵێک جموجۆڵ و نمایشی دەستپێکردووە.

وتیشی: سەدر خوازیارە هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت و دەرفەتێک بێتە پێشەوە بۆ ئەوەی بە مەرجەکانی خۆیەوە بەشدار بێت.

ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن، بە زۆریی گرێدەدرێتەوە بە ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران لەلایەن ئیسرائیل و ئەمەریکاوە کە وەکو ئەگەرێکی بەهێز باسی لێوەدەکرێت.

بەپێی وتەی د.یاسین تەها، ئەگەر تا پێش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هێرش بکرێتە سەر ئێران، ئەنجامدانی هەڵبژاردن قورسە، بەو پێیەی ئەگەری تێوەگلانی هێزەکانی عێراق لەو شەڕەدا هەیە.

د.یاسین تەها دەشڵێت: نزیکەی 9 هێزی شیعی بەشدارن لە هەڵبژاردن و بانگەشە دژی یەک دەکەن، ئەگەر هێرش بکرێتە سەر ئێران ناتوانن ئەمە بکەن، ئەمە جگە لەوەی لێدان لە ئێران میزاجی گشتی عێراق تێکدەدات و ناتوانرێت هەڵبژاردن بەڕێوەببرێت.

بڕیارە ڕۆژی 11ـی مانگی 11ـی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت، ئاماژەکان بەو ئاراستەیەن پرۆسەکە لەکاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت ئەگەر دۆخی ئەمنی عێراق و ئێران تێکنەچێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو