"تۆمه‌ته‌كان له‌ کوشتنه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كه‌ن تا گەندەڵیی"... کۆمیسیۆن دەیان کاندید دووردەخاتەوە

١٤ ئاب ٢٠٢٥ - ٥:٣٦ پاش نیوەڕۆ

"تۆمه‌ته‌كان له‌ کوشتنه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كه‌ن تا گەندەڵیی"... کۆمیسیۆن دەیان کاندید دووردەخاتەوە

په‌نجه‌ره‌

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، تا ئێستا زیاتر لە 137 کاندیدی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دوورخستووەتەوە، ئه‌ویش بەهۆی تێوەگلانیان لە چەندین دۆسیەی یاسایی جۆراوجۆر کە لە کوشتن، ڕفاندن، گەندەڵی، تەزویر و به‌عسی بوونه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات.

بەپێی ئەو لیست و بەڵگەنامانەی دزەیان پێکراوە، ژمارەی دوورخراوەکان تا ئێستا زیاتر لە 137 کاندیده‌، به‌ڵام پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا بگاتە نزیکەی 500 کەس، بەتایبەت بەهۆی دۆسیەکانی "لێپرسینەوە و دادپەروەری" كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ڕیشەکێشکردنی بەعس.


هۆکارە یاساییەکانی دوورخستنەوە

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕایگەیاندووە: بڕیاری دوورخستنەوەکان لەسەر بنەمای بڕگەی 7ـى ماددەی 3ـى یاسای هەڵبژاردنەکانی ژمارە 12ـى ساڵی 2018ـى هەموارکراو دەرچووە.

بەپێی ئەم ماددەیە، "پێویستە کاندید خاوەن ڕەوشت و هەڵسوکەوتی باش بێت و بە تاوانێکی گەورە یان کەتنێکی شەرەفئامێز حوکم نەدرابێت، لەنێویاندا دۆسیەکانی گەندەڵی، تەنانەت ئەگەر لێبووردنی گشتیش گرتبێتییەوە."


پۆلێنکردنی تۆمەتەکان

بەپێی یەکێک لە لیستە دزەپێکراوەکان کە ناوی 65 کاندیدی تێدایە و ماڵپه‌ڕى ئه‌لمه‌داى عێراقی بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، تۆمەتەکان بەم شێوەیە دابەش بوون:

31 کاندید: بە "تاوانی شەرەفئامێز" دوورخراونەتەوە، کە بریتین لە (تێکدانی موڵک، دەستبەسەرداگرتنی موڵک، تەقەکردن، تەزویر، کوشتن، ڕفاندن، فێڵکردن، هەڕەشە و شایەتی درۆ).

28 کاندید: بەهۆی دۆسیەی "گەندەڵی"یەوە دوورخراونەتەوە، وەک (پارە بەهەدەردان، فێڵی دارایی، بەرتیل، ساختەکردنی دراو و دزی).

3 کاندید: بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" دوورخراونەتەوە، کە یەکێکیان بەرپرسێکی پێشووی نەینەوایە و ئەوی دیکەیان کاندیدی ڕێکخراوی بەدرە بە سەرۆکایەتی هادی عامری.

1 کاندید: لەسەر لیستی "دەوڵەتی یاسا" بە سەرۆکایەتی نووری مالکی بە تۆمەتی "ڕفاندن" دوورخراوەتەوە، کە هاوکات تۆمەتی "تەزویر" و "هەڕەشە"شی لەسەرە.


کەسایەتییە دیارەکان و دۆسیەی ڕیشەکێشکردنی بەعس

بڕیارەکان چەندین کەسایەتیی دیاری سیاسی و سەربازیی گرتووەتەوە، لەوانە:

نەجم جبووری: فەرماندەی پێشووی سەربازی و پارێزگاری پێشووی نەینەوا، کە بەهۆی دۆسیەی گەندەڵییەوە دوورخراوەتەوە.

عەبدولغەنی ئەسەدی: سەرۆکی پێشووی دەزگای دژەتیرۆر، بەهۆی هەمان یاسای ڕیشەکێشکردنی بەعسەوە دوورخراوەتەوە.

ئەحمەد جبووری (ئەبو مازن): پارێزگار و وەزیری پێشوو، کە چەندین جار بەهۆی گەندەڵییەوە دوورخراوەتەوە، بەڵام دواتر بە بڕیاری دادگا گەڕاوەتەوە. ناوبراو ڕایگەیاندووە کە چاوەڕێی بڕیاری دادگا دەکات.

جەمال کەربوولی: سەرۆکی کوتلەی "ئەل حەل".

لەسەر لیستی محەمەد شیاع سوودانی: ناوی چەند کەسایەتییەک هاتووە کە بەهۆی بەعسیبوونەوە دوورخراونەتەوە، وەک: ئیسماعیل هەلوب و هەیسەم زوهوان.

له‌سه‌ر لیستی پارتى دیموكراتى كوردستانیش له‌ كه‌ركوك، كامیل ساڵه‌یی، قایمقامی پێشووى كه‌ركوك هه‌یه‌.


پشکی لایەنە سیاسییەکان لە دوورخستنەوە

بەپێی لیستە دزەپێکراوەکان، دوورخستنەوەکان زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی گرتووەتەوە، لەوانە:

لیستەکانی گرووپە چەکدارەکان: زیاتر لە 10 کاندید.

دەوڵەتی یاسا (مالکی): 5 کاندید.

هاوپەیمانی سەرۆک وەزیران (سوودانی): 4 کاندید.

هاوپەیمانی حەسم: 3 کاندید.

پارتی دیموکراتی کوردستان: 2 کاندید.

هاوپەیمانی حەلبووسی و عەزم: هەر یەکەیان کاندیدێک.

کامیل ساڵەیی، قایمقامی پێشووی ناوەندی کەرکوک، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ دوورخراوه‌كان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ پەنجەرە، بڕیاری دوورخستنەوەی بە "زوڵمێکی گەورە" ناوبرد و ڕایگەیاند کە سەرقاڵی گرتنەبەری ڕێکاری یاساییە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو