دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید؛ پارتی لەنێوان بەرگری و سکاڵاکانی خۆیدا گیری خواردووە
١٤ ئاب ٢٠٢٥ - ٧:٤٨ پاش نیوەڕۆ

په‌نجه‌ره
له‌دۆسییه‌ى ده‌ستگیركردنى شاسوار عه‌بدولواحید دا، پارتى كراوه به لایه‌ن "طرف" به‌بێ ئه‌وه‌ى خۆی بیه‌وێت، چونكه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا دووان له‌و دۆسێیانه‌ى له دژى جووڵێنراون په‌یوه‌ندییان به پارتییه‌وه هه‌یه، هاوكات باس له‌وه‌ش ده‌كرێت یه‌كێتى به‌نیازه سه‌رۆكى جووڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ى نوێ ڕاده‌ستى پارتى بكات.
سەرەڕای ئەوەی دەستگیرکردنی سەرۆکی حزبێکی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستان ڕووداوێکی گەورەیە، به‌ڵام پارتی دیموکراتی کوردستان كه پارتى گه‌وره و به‌هێزی هه‌رێمه و سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم و حكومه‌تى به ده‌سته‌وه‌یه، تائێستا هیچ هەڵوێستێکی فەرمی دەرنەبڕیوە.
بەپێی زانیارییەکان ئەم بێدەنگییە بەڕێکەوت نییە، بەڵکو دەرئەنجامی ئەو تاکتیکەیە کە یەکێتی لە جووڵاندنی دۆسیەکاندا گرتوویەتیەبەر.
بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆمپانیای نالیا کە شاسوار عەبدولواحید خاوەنیەتی و شه‌وى ڕابردوو قسه‌ى بۆ په‌نجه‌ره كرد، چوار دۆسیە له دژى ناوبراو "زیندووکراوەتەوە" کە بریتین لە: سکاڵایەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە هەڵوێستەکانی ناوبراو لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دژایەتیکردنی کەرەنتینە، سکاڵای کاندیدێکی پارتی بە تۆمەتی دڕاندنی پۆستەر و فلێکسی بانگەشەی هەڵبژاردن لە نزیک گوندی ئەڵمانی، سکاڵایەکی دیکەی کاندیدێکی پارتی لەسەر لێدوانێکی عەبدولواحید کە وتبووی "ئەوەی کەرامەتی هەبێت نابێتە کاندیدی دەسەڵات"، له‌گه‌ڵ سکاڵای شادی نەوزاد کە بووەتە هۆی دەرچوونی حوکمی زیندانیکردنەکە.
سەرچاوەکەی کۆمپانیای نالیا، پێیوابوو "سکاڵاکان بە ئەنقەست بەمجۆرە جوڵێنراون، بۆ ئەوەی پارتیش نەتوانێت داکۆکی لەناوبراو بکات."
به‌مپێیه‌ش ئەگەر پارتی بێتە دەنگ و ئیدانەی دەستگیرکردنەکە بکات، ڕاستەوخۆ لەلایەن یەکێتی و لایەنگرانییەوە وەڵام دەدرێتەوە کە "ئەمە جێبەجێکردنی یاسایە لەسەر سکاڵای خودی کادیر و کاندیدەکانی پارتی"، ئەمەش پارتی لە دۆخێکی "شەرمەزاریدا" دەهێڵێتەوە و بژاردەکانی سنووردار دەکات.
ئه‌م پێشهاته‌ش له‌كاتێكدایه كه ماوه‌یه‌كه قسه له نزیكبوونه‌وه‌ى شاسوار عه‌بدولواحید و پارتى ده‌كرێت، به‌تایبه‌تى دواى سه‌ردانى سه‌رۆكى جوڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ى نوێ بۆ توركیا له سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵ و بینینی كاربه‌ده‌ستانى ئه‌و وڵاته، كه توركیا وه‌كو هاوپه‌یمان و پشتیوانێكى هه‌رێمیی پارتى ده‌بینرێت.
هاوكات به‌مه‌ش، ئه‌م ئێواره‌یه كه‌ناڵی NRTـى كه شاسوار عه‌بدولواحید خاوه‌ندارێتى ده‌كات، بڵاویكردوه‌ته‌وه: "یەکێتی بەنیازە شاسوار عەبدولواحید ڕادەستی ئاسایشی پارتی بکات".
ئەگەر ئەم هەنگاوە بنرێت، ئەوا یەکێتی تۆپەکە دەخاتە گۆڕەپانی پارتییەوە و ڕاستەوخۆ تێوەی دەگلێنێت، بەمەش پارتی ناچار دەکات یان وەک تۆمەتبارێک مامەڵەی لەگەڵدا بکات (لەسەر سکاڵاکانی خۆی) یان ئازادی بکات و دژایەتیی بڕیاری دادگاکانی سلێمانی بکات، كه ئه‌مه‌ش گران له‌سه‌رى ده‌كه‌وێت.