بودجه‌ى هه‌رێم ڕووبه‌ڕووى هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى تر ده‌بێته‌وه‌؛ یاسای "ئیداره‌ مالی" هه‌رێم ده‌هێنێته‌وه‌ خاڵی سفر؟

٦ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ١٠:٠٠ پاش نیوەڕۆ

بودجه‌ى هه‌رێم ڕووبه‌ڕووى هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى تر ده‌بێته‌وه‌؛ یاسای "ئیداره‌ مالی" هه‌رێم ده‌هێنێته‌وه‌ خاڵی سفر؟

پەنجەرە

شارەزایەکی ئابووری هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەر حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بە خێرایی ڕێکنەکەون لەسەر دۆسیە دارایی و نەوتییەکان، ئەوا ساڵی داهاتوو مووچەخۆرانی هەرێم ڕووبەڕووی قەیرانی گەورەتر دەبنەوە و قەیرانی ئابووریش زیاتر تەنگ بە هەرێم هەڵدەچنێت.

لە ئێستادا عێراق بەپێی یاسای بودجەی سێ ساڵە، بودجە و مووچە بۆ هەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکات، بەڵام وادەی کارپێکردنی ئەو یاسایە لە 31ـى مانگی 12ـى ئەمساڵ کۆتایی دێت. هاوکات عێراق لەبەردەم هەڵبژاردنێکی نوێدایە و پێکهێنانی کابینەی داهاتووی حکومەت پێشبینی دەکرێت کاتی پێبچێت، ئەمەش وا دەکات حکومەتی ئێستا ببێتە حکومەتێکی کاربەڕێکەر. حکومەتی کاربەڕێکەریش ناتوانێت پڕۆژە یاسای بودجە ڕەوانەی پەرلەمان بکات و ئامادەکردنی پڕۆژەکە بۆ کابینەی داهاتوو بەجێدەهێڵێت، ئەم دۆخەش عێراق دەخاتە بەردەم بۆشاییەکی یاسایی گەورەوە.

بەهجەت ئەحمەد، شارەزای بواری ئابووری و خوێندکاری دکتۆرا له‌و بواره‌، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "ڕەنگە ساڵی داهاتوو عێراق بکەوێتە بۆشایی یاسای بودجەوە، چونکە حکومەتی کاربەڕێکەر ناتوانێت پڕۆژە یاسای بودجە بۆ حکومەتی دوای خۆی ئامادە بکات."

لە ئەگەری کەوتنی عێراق بە بۆشایی یاسای بودجەوە، حکومەتی عێراق بەپێی یاسای ژمارە (6)ـی ساڵی 2019ـی (ئیدارەی مالی) مامەڵە دەکات. بە بڕوای شارەزایان، ئەم یاسایە هیچ بەرژەوەندییەکی بۆ هەرێمی کوردستان تێدا نییە و زیان بە قەوارەی دارایی هەرێم دەگەیەنێت.

بەهجەت ئەحمەد، دەڵێت: "یاسای ئیدارەی مالی پێچەوانەی بنەما دەستوورییەکانە و بابەتی خەرجی و داهاتی کردووەتە بابەتێکی تەواو ناوەندی، هەرێمی وابەستە کردووە بە وەزارەتی دارایی عێراقەوە بۆ خەرجکردن و وەرگرتنی داهات."

دەشڵێت: "بەپێی ماددەكانی 28، 29، 30، 31ـى یاسای ئیدارەی ماڵی، دەبێت هەرێم کۆی داهاتی نەوتی و نانەوتی ڕادەست بکات. ئەگەر ئەمە نەکات مووچەشی پێنادرێت نەک بودجە، چونکە لە بۆشایی یاسای داراییدا بودجە نامێنێت."

پێشتریش په‌رله‌مانتارێكى كورد، هۆشداریی له‌باره‌ى ئه‌م مه‌ترسییه‌ دابو.

شوان محه‌مه‌د، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌ فراكسیۆنى پارتى دیموكراتى كوردستان، به‌ په‌نجه‌ره‌ى وت: "ئەگەر دەستوبرد نەکرێت بۆ ڕێککەوتن، گرفت دروست دەبێت و ساڵی دارایی تەواو دەبێت. ئەگەریش بچینە ساڵی نوێوە، تەیف سامی (وەزیری دارایی عێراق) ئەمە دەکاتە بیانوو و مووچەی ئەمساڵ نادات."

ئه‌وه‌ى په‌رله‌مانتاره‌كه‌ و شاره‌زا ئابورییه‌كه‌ جه‌ختى لێده‌كه‌نه‌وه‌، گرنگیی ڕێككه‌وتنه‌.

بەهجەت ئەحمەد، شارەزای بواری ئابووری و خوێندکاری دکتۆرا له‌و بواره‌، وتى: ئەگەر هەرێم و بەغدا پەلە نەکەن لە ڕێککەوتن، ئەوا دەرفەتی گفتوگۆ بۆ ساڵی داهاتوو بەپێی یاسا لاواز دەبێت و ناتوانرێت کێشەکان بە پەیوەندی و ڕێککەوتنی سیاسی چارەسەر بکرێن.

له‌حاڵه‌تى نه‌گه‌شتنه‌ ڕێككه‌وتن، ئه‌وا مەترسی گەورە لەسەر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دروست دەبێت و ئایندەیەکی نادیار، نادیارتر له‌وه‌ى هه‌یه‌، چاوەڕوانی مووچەخۆران دەکات.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو